قائیمقامی سەید سادق: دەبوو حکومەتی عێراق پابەندبکرایە بە قەرەبوی هاوڵاتیانی سەیدسادق

ڕۆژنیوز-سەیدسادق

قائیمقامی سەیدسادق ڕایگەیاند، شارەكە لەهەموو سێكتەرەكاندا پێویستی بەخزمەتە، دەبوو بەرپرسانی هەرێم، حكومەتی عێراقیان پاپەندیكردایە بە قەرەبووکردنەوەی خەڵكی شارەکەوە.

ئەمڕۆ ٣٥ ساڵ بەسەر خاپوركردنی شارۆچكەیی سەیدسادق تێپەڕی، لەهۆڵی ڕۆشنبیری شارەكە مەراسیمێكی تایبەت جگە لە قائیمقامی شارۆچکەکە بەبێ‌ ئامادەبوونی هیچ بەرپرسێكی حكومی بەڕێوەچوو.

ڕەزا ئیسماعیل، قائیمقامی سەیدسادق لەمیانەیی پێشكەشكردنی وتەیەكدا لەمەراسیمەکەدا وتی: لەكاتێكدا ئەمڕۆ ئەم یادە دەكەینەوە، پاش چەند مانگێكی دیكە ١٠٠ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر كۆتایی هاتنی پەیماننامەیی لۆزان، ئەو پەیماننامەیە بووە هۆی لەناوچونی خەونەكانی گەلانی ستەم دیدە لەناویاندا گەلی كورد.

ڕەزا ئیسماعیل، قائیمقامی سەیدسادق

وتیشی: هەرچەندە تاوانی دژی سەیدسادق و پشدەر لەلایەن دادگایی باڵای تاوانەكانی عێراقەوە بەجینۆسایدد ناسینراوە، بەڵام هەنگاوێكی كردەی نەنرا بۆ ئەوەی قەرەبویی زیانەكانی ئەو كارەساتە بكرێتەوە، خاپوركردنی شارەكە بەپێی هەموو پێوەرە نێودەوڵەتیەكان، خەسڵەتەكانی دژە مرۆڤایەتی و جیۆنسایدیی تێدایە، دەبوایە حكومەتی عێراق پابەند بكرایە بەوەیی خەڵكی شارەكە قەرەبوو بكرایەتەوە.

باسی لەوەشكرد، نەتوانرا تاوانبارەكانی ئەو كەیسە ڕاپێچی دادگا بكرێت، شارەكەمان كارەساتبارە پێویستە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە ئاوڕی جدی لێبدرێتەوە لەبەر ئەوەی لە زۆرێك لەسێكتەرەكاندا گرفتمان هەیە.

هاوكات عەتا كەریم هاوڵاتی بۆ ڕۆژنیوز وتی: هیوادارین ئەم یادەی ئەمساڵمان ئاوڕدانەوە بێت لەشارەكە، یادەكە تەنها بۆ ئەوە نەبێت كۆمەڵێك خەڵك كۆبكرێتەوە، بەڵكو یاد بۆ ئەوە بێت بەردێك بخەینە سەر بەرد.

عەتا کەریم – هاوڵاتی

لەڕۆژیی ١٩ی ئازاری ١٩٨٨ حكومەتی بەعس هەڵمەتی خاپوركردنی شارۆچكەیی سەیدسادقی ئەنجامدا، پاش تەختكردنی شارەكە لەگەڵ زەویی، دارو بەردیی خانوەكانی گواستەوە بۆ گوندی كانی سپیكە بۆ ئەوەی مانەوە و ژیان کردن لە شارەکەدا کۆتایی پێ بهێنیت.

ها-ع

Comments are closed.